بانکێكی ئەمریکی پێشبینی دەكات نرخی بەرمیلێك نەوت بگاتە 120 دۆلار

ئەمڕۆ پێنجشەممە بانكی جی پی مۆرگانی ئەمریكی لە یاداشتێکدا پێشبینی كردووە لە چەند مانگی داهاتوودا نرخی نەوت زیاتر بەرز بێتەوە و باز بدات بۆ 120 دۆلاری ئەمریكی بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت، لە كاتێكدا لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا نرخی نەوت بە ڕێژەی 27% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە و بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوەی نرخی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا تۆمار كردووە.

پسپۆرانی ئابووری لە بانكە ئەمریكییەكە ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەگەر نرخی نەوتی ئاستی ئێستای بپارێزێ، پێدەچێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی بە ڕێژەی 0.5٪ لە ماوەی شەش مانگدا.

بانکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە كە پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی 86 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزێت، بەڵام شارەزایان هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەر دابینکردنی نەوت ڕووبەڕووی فشاری بەردەوام ببێتەوە، ڕەنگە نرخەکان زیاتر بەرز ببنەوە و ببێتە هۆی دابەزینی زیاتری ئابووری.

پسپۆرانی بانکە ئەمریكییەكە ئەوەشیان ڕوون کردووەتەوە کە نیگەرانی ئەوە هەیە کە کەمکردنەوەی دابینکردنی ئەم دواییە هێشتا کۆتایی نەهاتبێ، هەروەها ڕەنگە نەوتی خاوی برێنت زیاتر باز بدات و بۆ هەر بەرمیلێک بگاتە 120 دۆلار، ئەمەش بە واتای بازدانی 60% لە ماوەی نیوەی دووەمی ئەمساڵدا دێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *