هەواڵگریی ئێران: پلانی 30 تەقینەوەی هاوکاتمان لە تاران هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی هەواڵگری (ئیتلاعات)ی ئێران ڕایگەیاندووە، پێشیان لە 30 تەقینەوەی هاوکات لەناو شاری تاران گرتووە و بەو هۆیەوە 28 كەسیان دەستگیر کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24/9/2023، میدیاکانی ئێران لە زاری وەزارەتی هەواڵگری (ئیتلاعات)ی وڵاتەکەیانەوە ڕایانگەیاند، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو وەزارەتە زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی لە شاری تاران و کەرەج بەڕێوە بردووە و لەو ئۆپەراسیۆنانەدا چەندین خانوویان دۆزیوەتەوە کە تێرۆریستان خۆیان تێدا حەشار دابوون، هەروەها 28 کەسیشیان دەستگیر کردووە.

ئاماژەیان بەوەش داوە: “ئەو کەسانە سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش بوون و پێشتریش لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکان لە سووریا، ئەفغانستان، پاکستان و عێراق، پەیوەندییان هەبووە.”

وەزارەتی هەواڵگریی ئێران ڕایشیگەیاندووە: “ئەو تێرۆریستانە ویستوویانە بە شێوەی هاوکات زنجیرەیەک تەقینەوەی خۆکوژی لەناو تاراندا جێبەجێ بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکارییان کردووە و لەناو خانووەکاندا دەست گیراوە بەسەر کەلوپەلی تەقینەوە و جلوبەرگی بۆمبڕێژکراو و چەک و نارنجۆکدا.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *