مامۆستایەكی زانكۆ ئاماژە بە كاریگەریی رێژەی سەوزایی، دارستانی خۆڕسك و پاركەكان لەسەر تەندروستی و ژینگە دەكات، جەختیش لەوە دەكاتەوە، ئەو كەسانەی لەناو دارستانەكان و نزیك پاركەكاندا دەژین، بەپێی چەندین توێژینەوە، تەمەنیان درێژتر و تەندروستترن.
هەردی كاكەخان، مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاریی كشتوكاڵی لە زانكۆی سەڵاحەدین، قوتابی دكتۆراشە لە وڵاتی رووسیا، بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بەوە كرد، كە دارستان ئەو شوێنەیە زۆر داری بەتەمەنی تێدایە، ئەو شوێنەش نابێت لە هێكتارێك (4 دۆنم) كەمتر بێت، ئەگەر كەمتر بوو نابێتە دارستان، بەڵكوو كۆمەڵە دارێكن. ئەو دارانەی لەناو دارستانەكانیشدا هەن، چەند جۆرێكن، هەیانە گەڵاوەریوەكانن و هەشیانە هەمیشە سەوزن، گوتیشی: ”بوونی دارستان زۆر پێویستە، بەتایبەت بۆ ژینگەی ناو شارەكان و دەرەوەی شارەكان، بەتایبەتتر ئەگەر دارستانەكان لەناو شارەكاندا بن، وەك پاركەكان، ئەوا گرنگییەكی زۆریان بۆ ژینگە و تەندروستیی دانیشتوانی شارەكە دەبێت، نموونەیەكی ئاشكراش لە شاری هەولێر، لەنزیك پارك، ئاو و هەواكە پاكترە و بەئاشكرا هەستی پێ دەكرێت، كەواتە دارستان لە هەر كوێیەك بێت، ژینگەی ئەو شوێنە پاكە، بوونی پارك و دارستان، سەرچاوەی پاكبوونەوەی هەوان.“
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەگەر دارستان و پارك لە شارێكدا هەبن، 80%ی تۆز و غوباری ناو هەواكە نامێنێت، كە هۆكاری چەندین نەخۆشین، ئەو وڵاتانەی دارستان و پاركیان زۆرترە، رێژەی تۆز و غوباریان كەمترە، دەشڵێت: ”بەرنامەیەك هەبوو، كە پشتێنەی سەوزایی دروست بكرێت، ئەگەر بكرابوایە، ئەو خۆڵبارینەی لە ساڵانی رابردوودا روویدا، 80%ی كەمی دەكردەوە، ئەمەش كاریگەریی تەواوی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت، تەنانەت پاركی ناو گەڕەكەكانیش كاریگەرییان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، ئەوانەی لەناو دارستانەكان و نزیك پاركەكان دەژین، بەپێی چەندین توێژینەوە، تەمەنیان لە خەڵكی دیكە درێژترە و تەندروستتریشن.“
ئەو پسپۆڕە، سەبارەت بە كاریگەریی دارستان لەسەر رێژەی باران و سوودوەرگرتنی خاكەكە، جەختی لەوە كردەوە، كە هەر شوێنێك دارستانی زۆر بوو، ئەو شوێنە بارانی زیاترە، چونكە بوونی دارستان وا دەكات بارانیش زیاتر بێت، هاوكات بوونی دارستان وا دەكات ئاوی بارانەكە بەفیڕۆ نەڕوات و خاكەكەش لە راماڵین بپارێزێت، ئەمەش وا دەكات ئەو بارانە بە شێوەیەكی سروشتی بچێتە ناو خاكەكەوە و سوودی زیاتر بێت، سەرباری ئەمەش، دارستان پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ پلەی گەرمادا هەیە، واتا بوونی دارستان پلەی گەرمی دادەبەزێنێت، بۆیە: ”دار و سەوزایی بۆ ناو شار و قەراغ شەقامەكان پێویستە و پلەی گەرمی دادەبەزێنن، بەتایبەتی لە رووی سێبەر و گەڕاندنەوەی تیشكی خۆر، كە راستەوخۆ لە زەویی دەدا.“
هەردی كاكەخان، مامۆستای زانكۆ، ئەوەشی روون كردەوە، لە هەر شار و وڵاتێك رێژەی سەوزایی زۆر بوو، خەڵكەكەی تەندروست دەبن. لەبارەی رێژەی سەوزایی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت: ”تائێستا نەمتوانیوە رێژەیەكی ورد وەرگرم، بەر لە ساڵانی نەوەتەكان، رێژەی سەوزایی لە كوردستان بە 30%دەخەمڵێندرا، بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی فاو، ئێستا ناوچەی سەوزایی 12.44%ی خاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێ، ئەو رێژەیەش زۆر كەمە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە خاكەكەی بۆ دارستان و دورستكردنی پارك گونجاوە.“
باسی لەوەش كرد، كە ئەو رێژەیە ئەگەر لەسەر شارەكان دابەش بكرێت، پشكی شێر بەر شاری دهۆك دەكەوێت، كە 27.58%ە، دوای ئەویش شاری هەڵەبجە دێت بە 10.4%، دوای ئەویش سلێمانی بە 9.5%، هەولێر دوای هەموانە و رێژەكەی 9.05%ە، ئەو رێژەیەش زۆر كەمە، گلەیی ئەوەشی كرد، كە: ”سەرباری ئەمەش، چەندین دارستان بۆ دروستكردنی باغی تایبەت تێكدراون و رێژەكە لە كەمبوونەوەیە، دروستكردنی ئەو باغ و مەزرەعانە كارەساتن بۆ ژینگە و بۆ ئابووریی وڵات، چونكە بوونی دارستان گرنگییەكی زۆری بۆ لایەنی ئابوورییش هەیە، بەداخەوە لە كوردستان گرنگی بەو لایەنە نەدراوە، ئەگەر گرنگیی بە دارستان بدرێت، لە نەوت باشترە، چونكە بەرهەم و داهاتی بەردەوامە، چەندین وڵات بەهۆی بەرهەمێنانی چەندین جۆری دار، ئابوورییەكەیان بەرەوپێش بردووە، ئەمە سەرباری سوودە ژینگەییەكانی.“