لە سنووری شنگال و دەشتی نەینەوا، ڕەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابیلۆن، دەستی كردووە بە ناونووسین بۆ پێكهێنانی هێزێکی چەکداری ئێزدیی سەر بە حەشدی شەعبی. پەرلەمانتارێكیش لە بازنەی شنگالیش جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئامانج لە پێكهێنانی ئەو هێزە، نانەوەی دووبەرەكی و لێكترازاندنی ناوماڵی ئێزدییەكانە.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی شنگال، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، رەیان كلدانی لە سنووری شنگال و دەشتی نەینەوا دەستی كردووە بە ناونووسین بۆ پێكهێنانی هێزێكی چەكداری ئێزدی سەر بە حەشدی شەعبی، گوتیشی: ”ئامانج لە پێكهێنانی ئەو هێزە، دروستكردنی دووبەرەكی و ناكۆكییە لەنێوان ئێزدییەكان، ئەگەرنا بەپێی رێككەوتنی، شنگال داوای دوورخستنەوەی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگال كراوە، نەك پێكهێنانی هێزی دیكەی سەر بە حەشد.“
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، كە پێشتر قائیمقامی شنگال بووە، ئاماژەی بەوەش دا، رەیان كلدانی لە سنووری شنگال و لەناو ئێزدییەكان هیچ جەماوەر و كەسێكی لەگەڵدا نییە، تاوەكوو ئێزدییەكان لەدەوری كۆ ببنەوە، بەڵام بە پشتیوانیكردنی مادی، كار لەسەر پێكهێنانی ئەو هێزە دەكات، تاوەكوو دەست وەربداتە كاروباری ئێزدییەكان، گوتیشی: ”شنگال بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و خزمەتگوزاری، پێویستی بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال هەیە، بەداخەوە لەبری جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە، كار بۆ لێكترازانی ناوماڵی ئێزدییەكان دەكرێت.“
هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێكی دیكە لەو ئامانجانەی كە رەیان كلدانی لە پێكهێنانی ئەو هێزەدا هەیەتی، جێگیركردنیانە لە سنووری هەرێمی كوردستان و شنگال، ئەوەش بۆ دابڕانی زیاتری شنگالە لە هەرێمی كوردستان.