بڕیارە ئەمڕۆ 7/10/2023، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، چوارەم كۆنگرەی نائاسایی خۆی لە ئەنكەرا ببەستێت و بەهۆی ئەوەی هیچ بەربژێرێكی تر نییە، بۆیە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، وەكوو سەرۆكی پارت هەڵدەبژێردرێتەوە.
ئاكەپە لە كۆنگرەی ئەمڕۆیدا 75 كەس بۆ سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت و نیوەی زیاتر سەركردایەتیی ئێستا دەگۆڕدرێن و بەشێكی زۆری ئەندامانی سەركردایەتیی ئەردۆغان بۆ خۆی دیاری دەكات، چونكە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیان لەبەردەمدایە و دەیەوێت ئەم كۆنگرە نائاساییە، تایبەت بێت بە میكانیزمی چۆنیەتیی بردنەوەی هەڵبژاردن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەو پەرلەمانتارانەی سێ خول پەرلەمانتار بوون و بۆیان نەبووە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو ببنەوە بە پەرلەمانتار، ئەگەر زۆرە بێنە ناو سەركردایەتیی پارت و ئەمەش بە پێشنیاری ئەردۆغان بووە، كە ماوەی هەفتەیەكە لەگەڵ تیمەكەیدا كار دەكات بۆ ئەوەی لیستێكی تایبەت بە سەركردایەتی ئامادە بكەن.
ئەردۆغان، دوای ئەوەی وەكوو سەركۆماری توركیا هەڵبژێردرا، هەروەها بۆی دەركەوت لە ئیستانبوڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا، دەنگی كەمال كلیچدارئۆغڵو لە دەنگی ئەو زیاتر بوو، بۆیە ئەمەی وەكوو زەنگێكی مەترسی بینی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، كە تەنیا شەش مانگی ماوە و دەیەوێت ئەو كەسانەی لە سەركردایەتیی پارت دەبن، كەسانێك بن بتوانن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ببنە هۆی سەركەوتنی ئاكەپە.
لە كۆنگرەی ئەمڕۆدا، 400 كەس و لایەن لە دەرەوەی توركیا داوەت كراون، بەڵام پارتی دەوا و پارتی ئایندە و هەدەپە و پارتی چەپی سەوز بۆ ئەو كۆنگرەیە داوەت نەكراون.