بارانبارین بەڕێوەیە و كەشوهەوا فێنكتر دەبێ

بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایگەیاندووە، بارانبارین بەڕێوەیە و یەك ڕۆژ دەخایەنێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 8/10/2023، بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، بەهۆی کاریگەریى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور، كە بۆ سەر ناوچەکەمان درێژ دەبێتەوە، ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەیە، بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاكانى هەولێر و دهۆک.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، پێشبینیى نمەباران لە سەنتەرى پاڕێزگاکان لە هەندێ کاتدا هەیە، پلەی گەرما بە نزیكەی سێ تا پێنج پلە دادەبەزێت.

بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن باسی لەوەش كردووە، كە كاریگەریی ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە، لە هەمان ڕۆژدا و لە كاتەكانی شەودا كۆتایی دێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *