ژنە ئەندامێكی ئەنجوومەنی یاسادانانی ئیسرائیل (كنیست) داوا لە سوپای وڵاتەكەی دەكات، چەكی ناوەكی لە كەرتی غەزە بەكار بهێنێت و هیچ شتێك لەو ناوچەیە بە زیندوویی بەجێ نەهێڵن.
پاش هێرشەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی چەكدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە هەردوو لایەنی شەڕەكەوە گوتاری ڕەگەزپەرستانە و هەڕەشەكردن بە لەناوبردنی كەسانی سڤیل پەرەی سەندووە. لەم چوارچێوەیەشدا (تالی گۆتلێڤ)، پارێزەر و ئەندامی (كنیست)، لە تۆڕی (X) زنجیرەیەك تویتی كردووە و تێیدا داوای تۆڵەكردنەوەیەكی توندی كردووە.
هەروەك بەبێ ئەوەی ناوی چەكی ناوەكی بێنێت، نووسیویەتی: ”مووشەكی ئەریحا! مووشەكی ئەریحا! هۆشدارییەكی ستراتیژی. پێش بیركردنەوە لە چوونەناوەوەی هێزەكان (بۆ كەرتی غەزە). چەكی ڕۆژی قیامەت! ئەوە بۆچوونمە.“
لەمبارەیەوە كەناڵی (سكاي نيوز عربية) بڵاوی كردۆتەوە كە مەبەستی ئەو ژنە پەرلەمانتارە ئیسرائیلییە لە تویتەكەیدا، ئاماژەیە بۆ بەكارهێنانی چەكی ناوەكی.
لە تویتێكی دیكەشدا تالی نووسیویەتی: ”داواتان لێ دەكەم كە هەموو شتێك بكەن و بەبێ ترس، چەكی ڕۆژی قیامەت لە دژی دوژمنەكانمان بەكار بهێنن.“ ڕوونیشی كردۆتەوە كە ”ئیسرائیل دەبێ هەموو ئەوەی لە توانایدایە، بەكار بهێنێت.“
ئەو ژنە پەرلەمانتارە دەڵێت: ”تەنیا ئەو تەقینەوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهەژێنێت و شكۆ و هێز و ئاسایش بۆ ئەو وڵاتە (مەبەستی ئیسرائیلە) دەگەڕێنێتەوە.“
لە تویتێكی دیكەشدا دووپاتی كردۆتەوە: ”ئێستا كاتی ڕۆژی قیامەتە. بەكارهێنانی مووشەكێكی بەهێزی بێ سنوور. هیچ شتێك بە زیندوویی لەسەر زەوی جێ مەهێڵن. ڕیشەكێشكردنی غەزە و پاكتاوكردنی لەسەر زەوی، بەبێ رەحمی!“
گۆتلێڤ یەكێكە لەو ژنە پەرلەمانتارانەی ئیسرائیل كە بەردەوام بە شێوەیەكی راشكاوانە رەخنەی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و حكوومەتەكەی گرتووە.
لە مانگی رابردووشدا، ئەو ژنە پەرلەمانتارە، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار كرد كە كار بۆ بەرژەوەندیی زیندانیكراوانی فەڵەستین دەكەن. لە بەرامبەریشدا حكوومەتی ئیسرائیل لێدوانەكانی سەركۆنە كرد.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، بەكارهێنانی چەكی ناوەكی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغەكراوە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییش، وڵاتان لە كاتی شەڕدا پێویستە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانییانی سڤیل، بۆیە چاودێران جەخت دەكەنەوە، داواكارییەكەی ئەو ژنە پەرلەمانتارەی (كنیست)، بە تەواوی دژی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤە.