به‌رپرسێكی ئیداریی یه‌كگرتوو: پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) گرنگه‌ و به‌ستنه‌وه‌ی سیسته‌می بانكیی كوردستانه‌ به‌ جیهان

 

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك له‌سه‌ر پشكی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، باس له‌ گرنگیی پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من) ده‌كات و به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ ناوی ده‌بات و ده‌شڵێت: ”له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌توانرێت رۆتین كه‌م بكرێته‌وه‌.“

عه‌بدولسه‌مه‌د كۆچه‌ر، ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك له‌سه‌ر پشكی یه‌كگرتوو، بۆ (باسنیوز) گوتی: “سیسته‌می بانكی سیسته‌مێكی جیهانییه و هه‌موو دونیا له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌، ئێستا له ‌دونیادا مۆدێلی پاره‌ی كاش نه‌ماوه‌، به ‌مه‌رجێك، خه‌ڵك باوەڕی به‌ بانكه‌كان هه‌بێت.“

ئەوەشی ڕوون كردەوە: ”به‌ دروستكردنی ئه‌و سیسته‌مه‌، دۆخەكە زۆر باشتر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، كه‌ فه‌رمانبه‌ر بچنه‌ بانكه‌كان بۆ وه‌رگرتنی مووچه،‌ چونكه‌ رۆتین كه‌م ده‌كاته‌وه‌، جیا له‌وه‌ش خه‌ڵك له‌ وه‌رگرتنی پاره‌ی كاش زه‌ره‌ر ده‌كات، چونكه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵسان و داكشانی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دینار، فه‌رمانبه‌ران زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ سیسته‌می (هه‌ژماری من) بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێكار و رۆتین هەنگاوێكی گرنگه‌،‌ پێویستە ئه‌م (هه‌ژماری من)ه‌ ته‌نیا بۆ فه‌رمانبه‌ران نه‌بێت، بەڵكوو بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ و كۆمپانیا و بواره‌كانی دیكه‌ش بێت.“

گوتیشی: ”گرنگیی (هه‌ژماری من) له‌وه‌دایه،‌ كه‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان پاره‌ی پاشه‌كه‌وتیان لای حكوومه‌ته‌، گرنگه‌ له‌و رێگایه‌وه‌ بتوانرێت ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌شیان بۆ خه‌رج نه‌كرێت، به‌ڵام وه‌ك باڵانس بچێته‌ سه‌ر حیسابیان، تا ئه‌و كاته‌ی پاره ‌دێت ،یان بتوانن بۆ بواری دیكه‌ سوود له‌و باڵانسه‌ وه‌ربگرن.“

له‌باره‌ی گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی كوردستان بۆ به‌غدا، راشی گه‌یاند: ”زۆر ئەسته‌مه‌ ئه‌مه‌ بكرێت، چونكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم داتای لایه‌ و ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم رەزامەند‌ نه‌بێت، ئەوە ناكرێت و ده‌بێ میكانزمێكی بۆ بدۆزرێته‌وه كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران تێكه‌ڵاوی كێشەگەلی سیاسه‌ت نه‌كرێت.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *