زانیاریى نوێ دەربارەى دامەزراندنى 3500 دەرچووى گەشتوگوزار

گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد لە ئایندەیەکى نزیکدا دامەزراندنى ئەو 3500 دەرچووەى کە ناوى خۆیان بۆ دامەزراندنیان وەک ڕێبەرى گەشتیارى تۆمار کردبوو یەکلایى دەکرێتەوە.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزار، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “دواى ڕاگەیاندنى دامەزراندنى دەرچووانى گەشتوگوزار وەک ڕێبەرى گەشتیارى لەسەر پرۆژە گەشتیارییەکان، زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس ناوی خۆیان تۆمار کرد”.

گوتیشى: “بڕیارە ناوى هەموو ئەو دەرچووانەى ناوى خۆیان تۆمار کردووە لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکلایى بکرێنەوە و پێشبینى دەکەین هەموویان وەک ڕێبەری گەشتیاری دابمەزرێن لە کەرتی تایبەت بە مووچەیەکى شایشتە و گونجاو”.

باسى لەوەش کرد: “بەپێی بڕیاری دەستەی گشتیی گەشتوگوزار پێویستە ھەموو کۆمپانیایەکی کەرتی گەشتوگوزار ڕێبەرێکی گەشتیاری دابمەزرێنێت، کە دەبنە پردى پەیوەندیى نێوان کەرتى تایبەتى گەشتیارى و دەستەى گەشتوگوزار و چاوساغێکى باشى گەشتیارانى بیانییش بۆ نیشاندان و خزمەتکردنیان بەوەش هەموو لایەک سوودمەند دەبێت”.

 ئاماژەى بەوەش کرد: “ئەوانە پێش دامەزراندنیان، خولى شارەزاکردن لە پیشەکەیان بۆ دەکرێتەوە و دواتر باجیان بۆ دروست دەکرێت و پاشان بە ڕێنمایى و بڕیارى تایبەت تەواوى بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان پابەند دەکەین بەوەى کە ئەوانەى باجیان هەیە لاى خۆیان دایان بمەزرێنن”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *