لە ویلایەتی (ئیلینۆیس)ی ئەمریكا، پیاوێکی تەمەن 71 ساڵی ئەمریكی، “بەهۆی ڕق و كینەی بەرامبەر موسڵمانان”، بە چەقۆ هێرشی كردە سەر چەند كەسێكى فەڵەستینی و منداڵێكی تەمەن شەش ساڵانی بە چەقۆ كوشت.
ئەمڕۆ دووشەممە 15/10/2023، میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردووەتەوە: “لە شاری (پلەینفیڵد)ی ویلایەتی (ئیلینۆیس)ی ئەمریكا، پیاوێکیان بە ناوی (جۆزێف زوبا) تەمەن 71 ساڵ دەستگیر کردووە، کە بەهۆی ڕق و كینەی بەرامبەر موسڵمانان، بە چەقۆ هێرشی کردووەتە ئافرەتێكی موسڵمانی فەڵەستینی و منداڵێكی ئەو ئافرەتە و دەیان چەقۆی لێیان داوە.”
ئەوەش ئاشكرا كراوە، ئەم ڕووداوە لە دوای تێکهەڵچوونی لایەنگرانی حەماس و ئیسرائیل ڕووی داوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم منداڵە و دایکی دەستبەجێ گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام منداڵەکە لە دوای ئەوەی 26 چەقۆی بەرکەوتووە، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، ئێستاش دایکی لەژێر چاودێریی چڕدایە.
بنکەی پۆلیسی ئەو شارە دەڵێت، قوربانییەکان بەهۆی موسڵمانبوون و لەژێر کاریگەریی شەڕی حەماس و ئیسرائیل کراونەتە ئامانج و بکوژەكەش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، دەستگیر کراوە.