شارەزایەکی بواری کەشناسی زانیاریی لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داھاتوو تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/10/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەسناسی بڵاوی کردەوە: “سەرەتا کاریگەری ئەو بارانەی بەشێک لەناوچەکانی باکووری ھەرێمی گرتەوە کاتەکانی شەو کۆتایی پێ دێت، لە سبەی ھەینی بەدواوە ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەک کە سەنتەرەکەی بەسەر ناوچەکانی رۆژئاواو و باکووری تورکیا دەبێت و کەشێکی وشک و سەقامگیر بۆ تەواوی وڵاتانی شام و تورکیا و عێراق دروست دەکات لەگەڵ جێگیری پلەکانی گەرما، کە تاوەکوو رۆژی سێشەممەی ھەفتەی داھاتوو بەردەوامی دەبێت.”
ئەوەشی خستووەتە روو: “ھەر لەرۆژی سێشەممەدا 24/10/2023 پێشبینی دەکرێت بارستە ھەوایەکی گەرمی شێدار لە نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە سەرکەوێت بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سعودیە و باشوور و ناوەراست و رۆژھەڵاتی عێراق و ببێتە ھۆی دۆخێکی ناسەقامگیری کە خۆی لە چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و تاوە باران و تەرزەی ناوبەناو دەبینێتەوە، کە ئەم حاڵەتە بەلاوازی لە رۆژی چوارشەممە 25/10/2023 کاریگەری لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت بە بارانی کەم و ھەورەبرووسکە لەھەندێ ناوچەدا، دوابەدوای ئەوە بەگشتی تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە ناوچەکانمان لەژێر کەشوھەوای وشک و سەقامگیردا دەمێنێتەوە و پێشبینی بارانبارین ناکرێت.”
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە: “سەبارەت بە بارانی باش و شەپۆلی گشتگیر تا ئەم کاتە لە پێشبینی دوور مەودای نەخشەکانی کەشوھەوا ھیچ ئاماژەیەکی ڕوون دەرنەکەوتووە بۆ ھاتنی شەپۆلێکی بارانبارین.”