ئەنوەر حسێن (بازگر) ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی کێشەکانی سەندیکاکە بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا ئەنوەر حسێن (بازگر) رایگەیاندووە: “لەچەند رۆژی رابردوودا، لە قسە و باسی نێوان نەقیبی رۆژنامەنووسان، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای (لادراو) کاروان ئەنوەر بەهۆی بابەتێکەوە ناوی منی هێناوە، کە من نەمدەویست هیچ قسیەک بکەم، بەڵام ئەم روونکردنەوەیەم بۆ وەڵامی ناراستییەکان بە پێویست زانی.”
ئەنوەر حسێن (بازگر) ئاماژەی بەوە داوە: “بەڵێ کاروان ئەنوەر بە ئیمزای هەموو ئەنجوومەنی سەندیکا بە منیشەوە لە سکرتێری لق لادراوە، بەهۆکاری وەرگرتن و پاکتاونەکردنی 50 ملیۆن دیناری پایتەختی رۆشنبیری کە نوێنەری سەندیکا بووە، هەروەها بەهۆی نەگەڕانەوەی 22 ملیۆن دیناری ئابوونەی سلێمانی.”
ئەوەشی خستووەتە روو: “کاروان ئەنوەر، بەهۆی تاکڕەوی لە کارکردن و رێزنەگرتن لە بڕیاری ئەنجوومەنی سەندیکا، ناوبراو لادراوە، منیش وەک ئەرکی پیشەیی و سەندیکایی مامەڵەم کردووە.”