بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار ڕێگەى سماقوڵی – هیزۆپ کرایەوە

لە ڕێورەسمێکدا دروستکردنى پارچەیەک لە ڕێگەى سماقوڵى – هیزۆپ بە درێژی 2.276کم کرایەوە کە بەشێوەی بەڵێندەرایەتیی و بەگوژمەى نزیکە دوو ملیار دینار جێبەجێ کراوە.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ دووشەممە 30/10/2023، بە ئامادەبوونى دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا دروستکردنى پارچەیەک لە ڕێگاى سماقووڵى – هیزۆپ بە درێژی 2.276کم کرایەوە، کە بەگوژمەى نزیکە دوو ملیار دینار لە سەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەشێوەى بەڵێندەرایەتى جێبەجێکراوە.”

ئەوەش خراوەتە روو: “لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و حاکم تارق، قائمقامی قەزایى کۆیە و حکیم ولیا، راوێژکاری وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و ئەندازیارانی رێگاوبان و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشى لە سەرپەرشتیاران و ئەندازیاران و کۆمپانیایى جێبەجێکار بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکە بە کوالێتی بەرز و تایبەتمەندییەکانى لە کاتى دیاریکراوى خویدا، باسی لە گرنگى ڕێگاکە کرد، کە جگە لە ئاسانكاریى بۆ هاتوچۆى شۆفێران، خزمەتێکى زۆرى هاوڵاتییان بەگشتیى و خەڵکى ناوچەکە بەتایبەتى دەکات.”

ئاماژە بەوەش کراوە: “پڕۆژەکە پێکھاتووە لە دوو بەش، بەشى یەکەمى چاککردن و دروستکردنى پارچەیەکى ڕێگاکەیە بە درێژی 2.276 کم و دروستکردنى ئاوبەری سندووقی و لوولەیی لە خۆ دەگرێت، بەشی دووەمی پرۆژەکەش بریتییە لە دروستکردنی دیواری پاڵپشت بە درێژی 150م و بەرزی 5م.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *