وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى فۆرمێکى تایبەتەوە زانیارى لەسەر ئەو جووتیارە ڕاستەقینانە کۆ دەکاتەوە کە گەنم دەچێنن.
هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردن و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە ئەمڕۆوە (1/11/ 2023) بۆ ماوەى 45 ڕۆژ، واتا تا (15/12/2023) فۆرمی زانیاریی جووتیاری ڕاستەقینە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى کشتوکاڵ بۆ جووتیاران پڕ دەکرێتەوە کە تێیدا ناوی جووتیار و ڕووبەری زەویی داچێنراو بە گەنم و پێشبینیی بڕى بەرهەمهێندراوى گەنمى زەوییەکەى و چەند زانیارییەکى دیکە تۆمار دەکرێت”.
گوتیشى: “بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتى کشتوکاڵ بە هەماهەنگیی لقەکانی یەکێتیی جووتیاران و ئەنجوومەنی گوندەکان لێژنەی مەیدانی پێک دەهێنن و سەردانی زەوییەکانی جووتیاران دەکەن و زانیارییەکان لە فۆرمێکی ئامادەکراودا تۆمار دەکەن “.
باسى لەوەش کرد: “بۆ ئەو مەبەستە پێویستە جووتیاران فۆرمەکە پڕ بکەنەوە، بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن، چونکە ئەو زانیارییانە دەبنە بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ جووتیاران لە کاتی ناردنی لیستی ناوی جووتیاران بۆ وەزارەتی بارزگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق”.