لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە هەزار کتێب دابەشی سەر خەڵک و خوێنەران دەکرێ و سەرپەرشتیارێکی پڕۆژەکەش دەڵێ بۆ زیاتر ئاشنابوونی تاکە بە خوێندنەوەی کتێب و برەودان بە خوێندنەوەیە.
سەفەر خۆشناو کارگێڕی سەنتەری لاوانی ئاراستە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوونی تاک بە خوێندنەوەی کتێب و برەودان بە خوێندنەوە، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە هەزار کتێبمان بەخشیوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەولێر و سۆران و هەڵەبجە کتێبەکان بەخشراون بە خەڵک، سبەی شەممەش لە شاری کۆیە هەزار کتێب بەخۆڕایی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکەن.
هەروەها گوتی کتێبەکان چەندین بابەتی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن، ئایینی، ڕۆمان، ئەدەبی، هۆنراوە، پەخشان، بابەتی منداڵان، پزیشکی و مێژوویی.