گوتەبێژى تەندروستیى کۆیە ڕایگەیاند، سەنتەرێکى پێشکەوتووى خوێن لە سنوورى قەزاى کۆیە دەکرێتەوە.
هاوکار عەلى، گوتەبێژى تەندروستیى کۆیە بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “لە سنوورى تەندروستیى کۆیە تاقیگەى ناوەندى هەیە کە تایبەتە بە ئەنجامدانى جۆرەکانى پشکینینى خوێن، بەڵام دەمانەوێت کار و بابەتەکانى پەیوەندیدار بە خوێن فراوانتر بکەین، لەو ڕووەوە سەنتەرێکى مۆدێرنى گواستنەوەى خوێن دەکەینەوە”.
گوتیشى: “بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی بانکی خوێنى هەولێر سەردانیان کردووین و لە نزیکەوە باس لە هەنگاوە کردەییەکان کرا بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی گواستنەوەی خوێن لە کۆیە و ئامادەسازیی بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە ڕووی لۆجستی و ڕاهێنانی کارمەندان لەو بوارە”.
باسى لەوەش کرد: “سەنتەرەکە لەناو بیناى تاقیگەى ناوەندى خوێنى کۆیە دەبێت و کارەکانى جیاکردنەوەی بەشەکانی خوێن بە ئامێر و شێوازی نوێ وەک (پلازما، خرۆکەی سوور، پەڕەکانی خوێن) و پشکنینى ڤایرۆسى جگەر و زۆر بابەتى دیکە، بەوەش لەمەودوا نەخۆش پێویستی بەوە نابێت، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارەکانی دیکە بکرێت”.