گرفتى هاتوچۆى گوندەکان چارەسەر دەکرێت

بریکارى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێگەى پلانێکەوە دەستیان کردووە بە چاککردن و قیرکردنى ڕێگەى گوندەکان کە کاریگەریى باشى دەبێت لەسەر بووژانەوەى کەرتى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى و بەئاوەدانمانەوەى گوندەکان.

ئاگرین عەبدوڵا، بریکارى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “لە پلانى چوار ساڵى ڕابردووى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا 440  پرۆژەى جۆراوجۆرى ڕێگاوبان و تونێل و پردمان لە شار و شارۆچکە و گوندەکان جێبەجێ کردووە کە کۆى بودجەکەیان 900 ملیار دینارە”.

گوتیشى: “لەو چوارچێوەیەدا نزیکەى 250 گوند ڕێگایان چاک کراوە، یان قیر کراوە یان فروان کراوە، کە ئەوەش کاریگەریى باشى هەبووە لەسەر گەشەى کەرتى ئاژەڵدارى و کشتوکاڵ و هاتوچۆ و بە ئاوەدانمانەوەى گوندەکانیان، پلانى جێبەجێکردنى ڕێگاى دیکەشمان بۆ گوندەگانى دیکە هەیە”.

بریکارى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: “بۆ ئەمساڵ پلانێکمان دانا کە ژمارەیەک پرۆژەى گرنگى تێدا بوو بە بڕى 500 ملیار دینار، بەڵام بەهۆى تەرخاننەکردنى بودجە لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە، پلانەکە جێبەجێ نەکرا، بۆیە هەمان پلان بۆ ساڵى 2024 ئامادە دەکەینەوە بەو هیوایەى بودجەکەى دابین بکرێت و تەواوى پرۆژەکان کە لە بوارى ڕێگاوبان و پرد و تونێل و تەواوکردنى پرۆژەن، جێبەجێ بکەین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *