ئەو کەسەی شاشەکانی ڕێکلامی لە شەقامەکانی بەغدا هاک کرد و فیلمی نەشیاوی پەخش کرد، سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو.
دادگای تاوانی کەڕڕادە لە بەغدا، ئەمڕۆ 15ی 11ی 2023 سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەر ئەو کەسەدا سەپاند کە شاشەکانی ڕێکلامی لە بەغدا هاک کرد.
دادگاکە بڵاوی کردەوە: ”ئەو کەسە دیمەنی نەشیاوی بڵاو کردەوە و زیانی لە بەرژەوندیی گشتی داوە، بۆیە بەپێی ماددە 403ی یاسای سزاکان دوو ساڵ بەندکردنی بۆ دەرچووە.”
درەنگانی شەوی 19ی 8ی 2023، گرتە ڤیدیۆیەکی دوور لە بەھا ڕەوشتییەکانی کۆمەڵگە لەسەر شاشەیەکی ڕێکلام لە شەقامی عوقبە بن نافیع له بەغدا پەخش کرا و ئەوەش کاردانەوەی زۆری دروست کرد.
دوای ڕووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: بەشێک لە شاشەکانی بەغدا ھاک کراون و دوای نۆ کاژێر ھێزە ئەمنییەکان توانییان ھاککەرەکە دەستگیر بکەن.
وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی ئەوەی خستە ڕوو، کەسێک بەهۆی وەرنەگرتنی پارەوە شاشەکانی هاک کردووە.