شاندێكی ڕێكخراوی كۆیكای كۆری و نوێنەری وەزارەتی تەندروستی، هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران دەكەن، بە مەبەستی دروستكردنی سەنتەری پشكنین و دەستنیشانكردنی شێرپەنجە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
د. كامران مەلا محەمەد شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ماوەی ڕابردوو شاندێكی ڕێكخراوی كۆیكای كۆری كە نوێنەری وەزارەتی تەندروستی لەگەڵیان بوو سەردانیان كردین، مەبەست لە سەردانی شاندەكە ڕێکخستنی هەماهەنگی بوو لە بابەتی دروستكردنی سەنتەری پشكنین و دەستنیشانكردنی شێرپەنجە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە پێویستییەكی هەنووكەییە.”
گوتیشی: “ئاماری نەخۆشەكانی شێرپەنجە و گرنگیی بوونی سەنتەرێكی شێرپەنجەمان بۆ شاندەكە خستە ڕوو، لەپێناو زوو دەستنیشانكردنی شێرپەنجە و چارەسەركردنی نەخۆشەكانی شێرپەنجە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە دەبێتە كەمكردنەوەی سەردانكردنی هاووڵاتییانمان بۆ شاری هەولێر و كارئاسانیی زیاتر، بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكان و ئامادەیی خۆی دووپات كردەوە بۆ هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك كە بتوانین بە زووترین كات پڕۆژەیەكی لەم جۆرە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن.