لە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەدوای بارانبارینێکی بەخوڕ، لافاو هەستاوە و بەهۆیەوە قوتابخانەکان داخران و پارێزگاری ئیلامیش هۆشداریی داوە، خەڵك کەلوپەلی پێویست، بەتایبەتی ئاوی خواردنەوە بۆ خۆیان دابین بکەن.
کەشناسیی ئێران هۆشداریی ئاستی سووری بڵاو کردەوە و پێشبینیی بارانبارینی بەخوڕ و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە چەند پارێزگایەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری ئێران دەکات.
پارێزگاکانی خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد، بوشێهر، ئیلام، لوڕستان، کرماشان، کوردستان، ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای فارس و بەرزاییەکانی ناوەڕاستی ئەلبورز لەو پارێزگایانە و ناوچانەن، کە ئاگاداریی سووریان بۆ دەرچووە.
بە گوتەی سادق زیایان، بەڕێوەبەری گشتیی پێشبینییەکانی کەشناسی، بارانبارین بەردەوام دەبێ و ئەگەری ڕەشەبا و بای بەهێزیشی لەگەڵدا هەیە.