هەڵەبجە.. سمیناری ڕاگرتنى توندوتیژیی ناو هۆڵەکانى منداڵبوون بەرامبەر بە ئافرەتانى دووگیان بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ ٢٧ى نۆڤەمبەر، گرووپى پاراستنى خێزان لە میانەى ڕاگەیاندنى هەڵمەتى شازدە ڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان لەناو هۆڵى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندروستیى هەڵەبجە چالاکییەکی هۆشیارییان جێبەجێ دەکەن.
لیا سەیفەدین، بەرپرسى گرووپى پاراستنى خێزان، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بۆ هەڵمەتى ١٦ ڕۆژى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان لە شارى سلیمانى و هەڵەبجە و هەموو ئیدارە سەربەخۆکانى ترى کوردستان زنجیرەیەک سمینارمان هەیە، کە لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى خانمانەوە ساپۆرتى کراوە، ئامانج لێى ڕاگرتنى توندوتیژییە لە هۆڵەکانى منداڵ بوون بەرامبەر بە ئافرەتانى دووگیان، چونکە جۆرێک لە توندوتیژى لە جیهاندا هەیە، کە بەرامبەر بە ئافرەتانى دووگیان دەکرێت لەناو هۆڵەکانى منداڵبوون، بۆیە ئێمە بە پێویستمان زانى لەم بارەیەوە هۆشیاری لەناو کارمەندانى تەندروستی بڵاو بکەینەوە، کە لەناو هۆڵەکانى منداڵبوون توندوتیژى بەرامبەر بە ئافرەتانى دووگیان نەکرێت.”
ڕوونیشى کردەوە: “ئەمڕۆ هاتووینەتە هەڵەبجە و سمینارێکمان پێشکەش کرد کە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوەى کارمەندانى تەندروستى”.
لەبارەى پاڵشتییەکانى سەرۆکى حکوومەت بۆ ئافرەتان و پرسەکانیان، ئاماژەى بەوە دا: “خۆشبەختانە لەم کابینەیەدا بەتایبەت سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتى و ساپۆرتێکى زۆرى هەیە بۆ ئەو ئافرەتانەى کە چالاکوانن و لەناو ڕێکخراوەکاندا کار دەکەن کە ئەرک و کاریان هۆشیارکردنەوەی کۆڵمەڵگەیە دژى توندوتیژى، ئەمەش بۆ ئێمە پشتییوانییەکى زۆر گرنگە”.