هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەکان بەڕێوە دەچێت

بڕیار وایە 30ی ئەم مانگە، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم بەڕێوە بچێت و پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیەنێ، ئێمە لە ئێستاکەوە وەکوو حکوومەت پشتیوانیان دەبین لە سەرخستنی کارەکانیان.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا سەبارەت بە ژووری بازرگانی و هەڵبژاردنی دەستەیەكی تازە بۆ ژووەرەكە، گوتی: ”ئەو دەستەیەی ئەمڕۆ لە ژوورە بازرگانییەکان هەیە، جێدەستیان دیارە و زۆر کاری باشیان کردووە، کە جێگای سوپاسە، چ لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا و بازرگانەکان، هەروەها لەگەڵ ژوورەکانی دیکەی بازرگانیی وڵاتانی دیکەیە، لەسەر ئاستی عێراقیشدا ژووری بازرگانیی هەولێر ژوورێکی دیکەی عێراق بووە، کە کارەکانیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا 17 ساڵە ئەوان بەشێک بوونە لە جوولەی بازرگانیی شارەکەمان و نوێنەرایەتیکردنی بازرگانان و خستنە ڕووی داخوازی و خواستەکانی بازرگانان بۆ حکوومەت، حکوومەتیش چارەسەری كێشەكانیانی کردووە و دەشبینین لە هەموو ئەو کارانەی کە کراون، بە بەردەوامی ئەوان ڕایەڵێك و پەیوەندییەکی گەورە بوونە لەنێوان دەزگاکانی دەوڵەت و بەپێچەوانەشەوە.“

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ”پشتوانییەکانی ئەوان بۆ جوولەی بازرگانی و بۆ بازرگانان لە ماوەی ئەو حەڤدە ساڵەدا دیارە كە بە باشی کاریان کردووە، ئێستا بە خواستی خۆیان و لەپێناو زەمینەخۆشکردن بۆ نەوەیەکی دیکە، بۆ زیاتر کارابوونی ژوورەکە و ڕۆڵبینینی خەڵکی دیکە، بڕیاریان داوە ڕۆژی 30ی ئەم مانگە، كە دەكاتە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ژووری بازرگانیی هەولێر بەڕێوە بچێ، تاوەكوو دەرفەت بڕەخسێنن بۆ ژمارەیەکی دیکە لە پیشەوەر و بازرگانان و خەڵکی دیکە، بۆ ئەوەی بێن لە جێگای ئەمانە کارەکان بکەن، ئێمە لە ئێستاکەوە وەکوو حکوومەت پشتیوانیان دەبین لە سەرخستنی کارەکانیان.“

سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەكان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ”لێژنەیەک هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەبات، ئەو لێژنەیە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران دروست کراوە، بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی ناوەخۆ و پارێزگای هەولێر، پرۆسەکە پرۆسەیەکی ئاسان و ئاشکرایە، هیوادارین بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێ، دووبارە ئێمە ستایشی کارەکانیان دەکەین، کە لەو ماوە کورتەدا ئەو کارەیان كردووە.“

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *