سۆران شێرزاد، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی سرێشمە لە سنووری قەزای خەلیفان، لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) تیشک دەخاتە سەر کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەڵێت: ”تەنھا ئەمساڵ بە گوژمەی زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دینار شەقام و کۆڵانەکانی ناحیەکەمان کۆنکرێت کراون.”
سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی سرێشمە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”دوای ئەوەی بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە شێوەیەکی فەرمی سرێشمە کرا بە ناحیە، منیش لە ٤ی ٦ی ٢٠٢٣ وەک سەرۆکی شارەوانیی سرێشمە دەستبەکار بووم، ھەروەک پێشتریش وەک شارەدێ شارەوانیمان ھەبوو، بەڵام دوای بەناحیەبوونی دەسەڵاتەکانمان فرەوانتر بوون لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە دانیشتوانەکەی، ھەروەک ناحیەی سرێشمە پێک دێت لە پێنج گەڕەکی گەورە، بەڵام ئەگەر وردی کەینەوە خۆی دەبینێتەوە لە ٢٥ گەڕەکی بچووک، بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٨ کە لە ناوچەکە جێبەجێ کرا، ژمارەی دانیشتوانەکەی ئەوکات بریتی بوو لە زیاتر لە شەش ھەزار کەس، ئێستاش ڕێژەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە.”
سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی سرێشمە گوتیشی: ”بەپێی ئەوەی پێشتر سرێشمە گوند بووە، دوای ئەوەی کراوە بە ناحیە، پێویستی بە ماستەرپلان و دیاریکردنی جوگرافیای ناوچەکە ھەیە، بەو پێیەش ھەندێ لە گوندەکانی دەوروبەر دەکەنەوە سەر ناحیەی سرێشمە، بۆ ئەمەش بەرنامە و پلانی گونجاو ھەیە کاری لەسەر بکرێت، ھەروەک ناوچەکە بەگشتی لە ڕووی ئابووری و کولتووری و ناوچەی شوێنەواری تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بەو ھیوایەین لە داھاتوو لە بواری شوێنەواری و گەشتوگوزاریش بایەخی پێ بدرێت، بە تەئکید لەم ڕووەشەوە پێشکەوتنی باش بە خۆیەوە دەبینێت.”
سۆران شێرزاد دەشڵێت: ”سەرەڕای پرۆژەکانی ساڵانی پێشووتر، بەتایبەتیش لەمساڵدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان پرۆژەی بەرچاوی بۆ ناحیەی سرێشمە جێبەجێ کردوون، زۆربەشیان لە ڕووی چاککردن و کۆنکرێتکردنی ڕێگا و شەقام و کۆڵانەکان بووە کە لە سەرەتای ئەمساڵ تا ئێستا لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیکەی ٢٣٠ ملیۆن دینار بۆ کۆنکریتکردنی کۆڵان و شەقامەکانمان تەرخان کراوە، بریتی بووە لە کۆنکریتکردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکەکانی گەروەزین، شکان، ملەسۆر، ڕێگای مالەسوور، ڕێگای قوتابخانەی گەروەزین، کۆنکریتکردن و دروستکردنی دیواری پاڵپشت لە گەڕەکی بنگرد، پرۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی تیرە ١٢٠ سم لە گەڕەکی ملەسۆر لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاریی دیکە.”
سەرۆکی شارەوانی ناحیەی سرێشمە ئەوەش دەخاتە ڕوو: ”بەردەوام دەبین لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر بە ھاووڵاتییان، ھەروەک چەندین پرۆژەی دیکەش لە بەرنامە و پلانی داھاتووماندان، بەپێویستی دەزانین دەستخۆشانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و قائیمقامیەتی قەزای خەلیفان و گشت ئەو کەس و خەمخۆرانە بکەین، کە ڕۆڵیان ھەبووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ناحیەی سرێشمە”.