ئەمڕۆ یەكشەممە ئەمیر عەبدوللەهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند ئێران و عێراق یەك ماڵن و نزیكترین دوو وڵاتی جیهانن لە یەكتریەوە.
عەبدوللەهیان ئەمڕۆ لە تاران پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی عێراق كرد بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، لەمبارەیەوە نووسینگەی مەندەلاوی بڵاوی كردەوە كە شاندی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوونەوەیەكی بەرفرەوانیان ئەنجام داوە.
شاندی پەرلەمانی عێراق دووپاتیان كردووەتەوە كە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش بنیات نراوە، لەگەڵ ڕێگرتنی هاوبەش لە سەروەریی هەردوو وڵات، ئەوەشیان گوتووە كە عێراق ئەو گەمارۆ ئابوورییە رەت دەكاتەوە كە خراوەتە سەر ئێران و پێیانوایە كە گەلان دەكرێنە ئامانجی ئەم گەمارۆیانە.