كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كرد، بۆ ماوەی هەفتەیەك لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، دەوامی قوتابخانەكان لە عێراق رادەگیرێت.
جومانە گلای، گوتەبێژ بە ناوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە، كۆمسیۆن داوای لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كردووە، لەپێناو هەماهەنگیكردن لەگەڵ لێژنەی باڵای ئەمنی بۆ وەرگرتن و ئامادەكردنی بنكەكانی هەڵبژاردن و گواستنەوەی كەرەستەكانی هەڵبژاردن و كۆتاییهێنان بە ئامادەكارییە لۆجستی و تەكنیكییەكان.
ڕوونیشی كردۆتەوە كە لەسەر ئەو داواكارییە، بە فەرمی دەوامی تەواوی قوتابخانەكان لە عێراق لە ڕۆژی سێشەممە 12ی دیسێمبەری 2023 تاوەكوو ڕۆژی 19ی دیسێمبەری 2023 لە بەغدا و تەواوی پارێزگاكانی عێراق رادەگیرێت.
بڕیارە ڕۆژی 18ی دیسێمبەری 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە تەواوی پارێزگاكان جگە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و دەنگدانی تایبەتیش بۆ هێزە ئەمنییەكان ڕۆژی 16ی دیسێمبەر ئەنجام دەدرێت.
جێگەی باسە لەبەر ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا هەڵبژاردنەكە بەڕێوە ناچێت، هێشتا دیار نییە ئاخۆ هیچ جۆرە راگرتنێكی دەوامی قوتابخانەكان یان راگەیاندنی پشوو لە ڕۆژی هەڵبژاردنەكە لە هەرێمی كوردستان دەبێت یاخود نا.