پاش ئەوەی سۆران عومەر، تاكە پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕووی ڕەشی یووسف كیلابی، پەرلەمانتاری نەیاری هەرێمی كوردستانی بۆ سەرجەم مووچەخۆران ئاشكرا كرد، بەوەی كە هیچ مافێك بە خەڵكی كوردستان ڕەوا نابینێت و دژی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانە، یووسف كیلابی نووسینێكی بە زمانی كوردی بڵاو كردەوە كە بە ڕوونی دەردەكەوێت، لە لایەن بەكرێگیراوانی ناوخۆییەوە لە دۆخێكی شپرزەدا نووسراوە و بۆ ئەوەیە ماوەیەكی زیاتر كیلابی وەك خەمخۆری خەڵكی كوردستان بناسێنن، لە كاتێكدا خەڵكی ڕووی ڕاستەقینەی ئەویان بۆ دەركەوتووە.
لەمبارەیەوە كاردۆ بەكر، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”هاوپهیمانهكانی كیلابی چۆن روویان دێت رووبهرووی خهڵكی كوردستان ببنهوه پاش ئهوهی سۆران عومهر راستییهكانی گوت؟ هەر بەڕاست ئەو کۆنە دڵسۆزانەی کیلابی و هاومەنهەجەکانی کیلابی، تەریق نابنەوە؟ خۆش ئەوەیە ئەمانە پێشتریش دڵسۆز و هاوئاوازی (حەنان فەتلاوی و عالیە نسێف) بوون و پەیامنێری گواستنەوەی هەڵوێستە ڕێویانەكانی ئەوان بوون بۆ خەڵکی کوردستان، لە كاتێكدا ئەوان وەك كیلابی بە نمایش خۆیان كردبووە خەمخۆری خەڵكی كوردستان و لە بنەمادا دژی مافەكانی گەلی كوردستان بوون، ئێستاش ئیشیان پهیامنێرییە، ئەرێ تهریق ناببنهوه!“
جەختیشی كردەوە: ”ئەو نووسینەی ئەمڕۆ كیلابی بڵاوی كردۆتەوە، زۆر ئاشكرا و ڕوونه كە پاش ئەوەی لە لایەن سۆران عومەرەوە زۆرتر حهقیقهتەكەی بۆ خەڵك ئاشكرا كرا لە كاتێكدا پێشتریش خەڵكی دەیانناسی، بۆیە بە خێرایی برادهر و جاشەكانیان له كوردستانهوه ئهو پۆسته كوردییهیان بۆ نووسیوه تاوەكوو لهناو خهڵكی كوردستاندا ڕووی ڕەشی سپی بكەنەوە. بەڵام لەبیریان چووە شووشەی شكاو بە چەسپ پینە ناكرێ و تازە بەم هەوڵە نەزۆكانە، ناتوانن مووچەخۆرانی زوڵملێكراوی كوردستان بە بەڵێنی درۆی كەسانی شۆڤێنیی وەك یووسف كیلابی هەڵخەڵەتێنن.“
بە بڕوای ئەو چالاكوانە، ئەوانەی بە شۆڤێنیی وەك یووسف كیلابی خەڵكی دەخەڵەتێنن، ”بریتین لە كەسانێكی خۆفرۆشی وەك غالب محەمەد و هەندێك پەرلەمانتاری یەكێتی و چەند كەسێكی خۆهەرزانفرۆشكردووی نێو دەستەی مامۆستایانی ناڕازی كە دۆز و داوای مامۆستایانیان لە دۆزێكی مەدەنییەوە بۆ بازرگانیكردن و گیرفانگەرمكردنی خۆیان قۆستۆتەوە.“