بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی سه‌ردانی بریندارانی ڕووداوەكەی بنكەی پۆلیسی تاسڵووجەی كرد

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكی نێو هێزی كۆماندۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی پۆلیسی تاسڵووجه‌ و دوو پۆلیسیان بریندار كرد، ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی سلێمانی سه‌ردانی ئه‌و بریندارانه‌ی كرد.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانی له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌، بەیانی ئەمڕۆ 11-12-2023 عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەیاوەری ژمارەیەك لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەی شاری كرد و لەنزیكەوە لە دۆخی تەندروستیی هەر دوو كارمەندی بنكەی پۆلیسی تاسڵووجەی پرسی كە لە ڕووداوەكەی دوێنێی بنكەی پۆلیسی تاسڵووجە بریندار كران.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، لەسەردانەکەیدا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست و بەڵێنی هەموو پشتگیری و هاوكارییەكی پێدان.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، تۆمەتباری ڕووداوەكە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405-31 لە بنكەی پۆلیسی تاسڵووجە بەندە و لێكۆڵینەوە له‌ ڕووداوه‌كه‌ بەردەوامە.
بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) ئەو هێزە ئەمنییەی كۆماندۆ بە جلی مەدەنییەوە چووبوونه‌ بنكەی پۆلیسی تاسڵووجە و ویستوویانە ئۆتۆمبێلێك، كە پێشتر لە ڕووداوی هاتوچۆدا دەستی بەسەردا گیراوە بپشكنن، بەڵام پۆلیسەكانی بنكەی تاسڵووجە ڕێگەیان پێ نەداون و بەو هۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە.
دواتر ھێزە ئەمنییەکەی یەکێتی پەلاماری دەمانچە دەدەن و بەناو بنکەکەدا تەقە دەکەن، بەھۆی تەقەکردنی زۆرەوە، دوو پۆلیس بریندار دەبن، کە فیشەک بەر قاچیان کەوتووە و بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی كران و تەقەکەرەکانیش بنکەی پۆلیسی تاسڵووجەیان بەجێ ھێشت و ئێستاش برینداره‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *