بەوێنە و ڤیدیۆ.. لە بەندیخانەیەكی چیلی زیاتر لە 100 پشیلە لەلایەن زیندانییەكانەوە بەخێو دەكرێن

لە كۆنترین و بەناوبانگترین بەندیخانەی چیلی، كە زیاتر لە 4 هەزار و 900 زیندانیكراوی تێدایە، زیاتر لە 100 پشیلە بەخێو دەكرێن و بووەتە جێی سەرنجی میدیاكان.

ماڵپەڕی (مێترۆ)ی بەریتانی، ڕاپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، لە بەندیخانەی (سانتیاگۆ سور)ی چیلی، كە زیاتر لە 4 هەزار و 900 زیندانیكراوی تێدایە، زیاتر لە 100 پشیلەی تێدایە و ڕۆژانەش ژمارەیان لە زیادبووندایە، بە جۆرێك هاوڕێیەتییان لەگەڵ زیندانیكراوەكان دروست كردووە، كە سۆز و ئارامییەكی زۆر بە زیندانیكراوەكان دەبەخشن.

ئاماژە بەوەش دەدرێت، بەهۆی ئەوەی قەدەغە خواردنی تایبەتیی ئاژەڵە ماڵییەكان بچێتە نێو بەندیخانەكە، زیندانیكراوان بەشێك لە خواردنی ڕۆژانەی خۆیان بە پشیلەكان دەدەن، تەنانەت بەشێك لە زیندانیكراوان، تەواوی خواردنەكانیان بە پشیلەكان دەدەن و خۆیان بە برسیەتی دەمێننەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەهۆی نەگونجانی شوێنەكە بۆ پشیلەكان، بەشێكی زۆریان نەخۆش كەوتوون، بەڵام ناشتوانن لە بەندیخانەكە دوور بكەونەوە، هەربۆیە ڕێكخراوێكی خێرخوازیی چیلی، ئەركی پارستنی تەندروستیی پشیلەكانی گرتە ئەستۆ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چارەسەری تەندروستییان بۆ كرا.

ئەو بەندیخانەیەی چیلی، بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا جیهانییەكان و هاوڕێیەتیی پشیلە و زیندانیكراوان، لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *