لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و به گوژمهی زیاتر لە دوو ملیار دینار، پڕۆژەی قیرکردنی ڕێگای چوار گوند لە سنووری ناحیەی ئاشتی سهر به قەزای کۆیە جێبەجێ دەکرێت.
لهم بارهیهوه، ھەڵگورد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاشتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند:” پڕۆژەکە بریتیە لە قیرتاوکردنی ڕێگای گوندەکانی بانەگولان، سورەقەڵا، پێبازۆک، دۆندار بە درێژایی زیاتر لە چوار کیلۆمەتر کە بڕین و دروستکردنی ئاوبارەی لولەیی (قەنتەرە) و تێکەڵەڕێژکردن و قیرتاو کردنی تێدایە”.
گوتیشی:”پڕۆژەکە بە چاودێری بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی کۆیە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بەبڕی دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێ کە بەتەواوبوونی وێڕای ئەوەی گرفتی ھاتوچۆی سنوورەکە چارەسەر دەبێ، ڕۆڵیشی لە گەشەدان بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بە ئاوەدانەوەی گوندەکان دەبێت”.