شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە هەورێکی باراناوی بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و سبەی کاریگەری شەپۆلی بەفروبارانبارین زیاتر دەبێت.
ئەمشەو شەممە 23/12/2023، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “سبەی یەکشەممە کاریگەری شەپۆلی بەفروبارانبارین زیاتر دەبێت و ئێستا بارستە هەورێکی گەورەی کەڵەبووی باراناوی لە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و درەنگانی ئەمشەو لەکاتی بەرەبەیان دەگاتە سنووری پارێزگای موسڵ، دهۆک، هەولێر، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، ئیدارەی ڕاپەڕین، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و ناوچەکانی گەرمیان.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “لە هەولێر، دهۆک و ڕاپەڕین ئەگەری بارابارینی بەخووڕ هەیە لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان ئەگەری بارانی مامناوەند هەیە و لە هەندێک شوێنیش ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، هەروەها پلەکانی گەرماش نزم دەبێتەوە و بەفربارینیش لەناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.”