سوپای پاسدارانی ئێران ڕای گەیاند کە بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە کوژراوە.
بەپێی هەواڵێکی دەزگای ڕاگەیاندنی (ئیرنا)ی ئێران: “رۆژی دووشەممە 25/12/2023، ڕازی موسەڤی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلیدا لە دەورووبەری دیمەشق کوژراوە.”
ئاماژەی بەوەش دراوە، کە (موسەڤی ) یەکێک بووە لە ڕاوێژکارە هەرە بە ئەزموونەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سووریا.
ئاژانسی ئیرنا ئەوەشی خستووەتە روو: “موسەڤی چالاک بووە و پشتیوانی لۆجیستیکی بۆ بەرەی بەرهەڵستکاران لە سووریا دابین کردووە” ئەمەش وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە دوژمنی ئیسرائیلن و ئێران پشتیوانییان لێدەکات.”
هەروەها، سوپای پاسداران، کوژرانی موساڤی پشتڕاست کردەوە و ڕای گەیاند: “موساڤی لە هێرشێکی موشەکیدا کوژراوە و ئیسڕائیل باجی ئەم تاوانەی دەدات.”
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕای گەیاند: “ئیسڕائیل ئەو شوێنانەی ناو سووریای کردووەتە ئامانج کە لەلایەن گرووپەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنانەوە بەکاردەهێندرێن لە ناوچەی سەیدا زەینەبی دیمەشق.”