کاربەدەستانی حکوومی لە غەززە ڕایانگەیاند، کە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کەرتی غەززە کوژراون گەیشتووەتە 106 ڕۆژنامەنووس.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە کەرتی غەززە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە ڕۆژنامەنووسێکی فەلەستینی لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ئۆردوگای وانیرات لە کەرتی غەززە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە و ڕایگەیاندووە، کە ژمارەی کوژراوانی ڕۆژنامەنووسان لەو شەڕەدا گەیشتووەتە 106 کەس.
ئەو ڕۆژنامەنووسە بە ناوی (جەبرابۆ هێدرۆس)ە و یەکێکی دیکە لە ڕۆژنامەنووسانی كەناڵی (ئەلجەزیرە) کە لە ماوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا کوژراوە.
هەفتەی ڕابردوو فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، 10 هەفتەی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کوشندەترین ڕۆژەکان بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان و زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسان لە یەک شوێن لە ماوەی ساڵێکدا کوژراون.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان هەروەها داوای لە لایەنە ناکۆکەکان کرد، توندوتیژی کەم بکەنەوە، هەروەها داوای لە (یونسکۆ) کرد هەموو هەوڵێک بدات بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان.