ئەمڕۆ تۆڕی هاوپەیمانیی کەمینەکان، کە لە چواردە نوێنەری جیاواز پێکهاتوون، ڕاپۆرتی ساڵانەیان ئاشکرا دەکەن و لە ڕاپۆرتە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، مەبەست لە پارێزگاری و بوونی کەمینەکان لە هەموو وڵاتدا، پارێزگاریکردنییانە لە کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنیان.لەو ڕاپۆرتەی، کە ئەم تۆڕە ئاماژەی پێ دەکات، باس لەوە دەکات، کردەوەکانی توندوتیژیی بەرنامەداڕێژراو و هەروەها دەرپەڕاندن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و لەخۆنەگرتنی لێقەوماوەکان و دابین نەکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، هۆکاری بەردەوامیی ئەو گرفتانەیە، کە بەردەوام کەمینەکان لە سەرانسەری عێراقدا هەیانە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، بە پلەی یەکەم ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق گیراوە و دەڵێت داننان لە دەستوور بە ئایین و نەتەوە و ئیتنیکی زمان و هەندێک کەمینە هەنگاوی پێشکەوتوون، هەروەها دەرچواندنی یاسای زمان لە بەرگێکدا ڕەنگدانەوەی یاساکانە، بەڵام ئەم سیاسەتەی کە لە سەرتاسەری عێراق بەگشتی و بەتایبەتی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق پەیڕەو دەکرێت، گرفتی زۆری بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان ساز کردووە و بەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەکانیان بەنزیکەیی بۆ نیوە، باسیش دەکەن دەبوایە حکوومەتی بەغدا خاوەندارێتیی پرۆژەی نیشتمانی بکەن، بەتایبەتی پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناغەکان و ڕەچاوی هەمەجۆری و ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی کەمینەکان لە مێژووی ئێستا، هەروەها ئاشتی و پێکەوەژیان بكات، زۆربەی بەرنامەکانی ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیش بە هاوکاریی بەشێک لە وەزارەتی پەروەردە خاوەندارێتیی دەکەن.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، تۆڕی هاوپەیمانیی پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی لە عێراق، بانگەواز دەکا بۆ گرنگیی سوودوەرگرتن لەو ڕێبەرە گشتییەی، کە نووسینگەی کۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی یەکسانیی مافەکان لە ساڵی 2022دا بە ناونیشانی پاراستنی مافەی کەمینەکان دەریان کردووە، کە ڕێبەرێکی کارایە بۆ ئامادەکردن و دەركردنی یاسای گشتگیر لەپێناو بنبڕکردنی جیاکاری، هاوکات تۆڕی هاوپەیمانێتیی کەمینەکانی عێراق بە نوێنەرایەتیی عێراق بووە بە هاوبەش لە هاوپەیمانێتیی ڕێکخراوەكانی زیاتر لە دە وڵات، بۆ کارکردن لەسەر هۆشیارکردنەوە، بەتایبەت بۆ ڕێبەر و دەركردنی یاسای پەیوەست بە مافی کەمینەکان.
جێگای ئاماژەپێکردنە، بەپێی ڕاپۆرتی گشتگیری تایبەت بە کەنیسەکانی مەسیحی لە سەرتاسەری جیهان، لەنێوان ساڵی 2003 بۆ ساڵی 2023دا، بەهۆی ئەو تەنگژە ئاسایشی و ململانێ نەتەوەییانەی لەگەڵ مەسیحییەکاندا کراوە، ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق لە 550 هەزار کەسەوە بۆ 200 هەزار کەس کەم بووەتەوە.