شەپۆلێکی بەفروباران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بەفروباران و هەورەبرووسکەی توند ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7/1/2024، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بەفر و بارانبارین و هەورەبرووسکەی توند بۆ سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و بۆ ماوەی نزیکەی یەک هەفته بەردەوام دەبێت.”

ئەوەشی خستووەتە روو: “پێشبینیی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بە دیاریکراوی لە ئێواڕەی ڕۆژی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 9/1/2024، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارینی سەرتاسەری ڕوو لە ناوچه جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بکات و کاریگەری ئەو شەپۆڵە لەڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی زیاتر دەبێت و لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی زۆری بارانبارینی بەخووڕ و هەورەبرووسکەی توند پێشبینیی دروستبوونی لافاو دەکرێت لەهەندێ ناوچە نزمەکان.”

ئاماژەشی بەوە داوە: “لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بارستەهەوایەکی زۆر ساردی جەمسەری ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەفربارینی چڕ لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و کاریگەری ئەو بەفربارینەش لە ڕۆژی دواتر زیاتر دەبێت، بەهۆی بەهێزی شەپۆلەکەش پێشبینی دەکرێت بەفربارین دابەزێتە نێو سەنتەری شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان.”

هەروەها ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی لە خوارەوە ئەو ناوچانەی ئاشکرا کردووە کە پێشبینی دەکرێت ڕۆژی هەینی بەفری تێدا ببارێت:

1- سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری.
2- سه نتەری پاریزگای هەڵەبجە و دەوروبەری ته وێڵە، خوماڵ و هەڵەبجەی تازە.
3- قەزای پێنجوین و ماوەت و شارەزوور، سەیدسادق، قەرەداغ، چوارتا، دوکان، پیرەمەگرون و خەلەکان.
4- لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، حاجی ئۆمەران و دەوروبەری سیدەکان، گەڵاڵە، چۆمان، ڕواندوز، ئیدارەی سۆران و دەوروبەری، مێرگەسۆر، پیران شێروان مەزن شەقڵاوە و دەوروبەری و کۆڕێ پیرمام .
5- لە سەنتەری پارێزگای هەولێر بەفر هەتا بەرزاییەکانی کەسنەزان دەبارێت.
6- لە چەمچەماڵ، بانی مەقان، قەرەهەنجیر، سەنگا، بەرزاییەکانی ناحیەی شوان و ئاخجەلەر.
7- لە کۆیە و دەوروبەری دێگەڵە و بێستانە.
8- ناوچەکانی باکوری ئیدارەی گەرمیان.
9- ئیدارەی ڕاپەڕین ودەوروبەری.
9- ناوچەکانی باکووری سەنتەری پارێزگای دهۆک ئەگەری بەفربارین هەیە لە ئاکری، ئامێدی، باتیفا، شیلادزێ، کانی ماسی دێرەلۆک، دینارتە، جمنکی، سەرسەنگ و زاوێتە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *