ماڵپەڕی هەواڵی (وەڵا)ی ئیسرائیلی، ئێوارەی دوێنێ هەینی ئاشکرای کرد، کە لەسەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا چوار هەزار سەربازی ئیسرائیلی کەمئەندام بوون و پێدەچێت ژمارەکە بۆ 30 هەزار سەرباز بەرز بێتەوە.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل هەموو زانیارییەک لەسەر بریندارەکان ناداتە ڕای گشتی، لە ترسی ئەوەی، کە ئەمە ببێتە هۆی دابەزینی مۆڕاڵی سەربازەكانی.
ئاشكراشی كردووە، نزیکەی چوار هەزار سەرباز بەپێی (پۆلێنی 3) وەکوو خاوەن پێداویستیی تایبەت ناسێنراون، واتە مافی هەموو ئەو چارەسەرانەیان هەیە، کە کەمئەندامێک لە سوپای ئیسرائیلدا بەدەستی دەهێنێت، بەبێ ئەوەی بەفەرمی بەو شێوەیە بناسرێن.
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سەربازە بریندارانە مووچەیان پێدەدرێت و چارەسەریان بۆ دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، بەزووترین کات پرۆسەی چاکسازییان دەست پێدەکات، بۆ گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی.
ماڵپەڕەکە لە زاری ئیدان کالیمان، سەرۆکی ڕێکخراوی کەمئەندامان لە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، زۆر کەسی بریندار هەبوون، کە ئەندامەکانیان بڕاوە و کوێر و ئیفلیج بوون.
سوپای ئیسرائیل دامەزراندنی 360 هەزار سەربازی یەدەگی لە شەڕی بەردەوامی دژی کەرتی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە ڕاگەیاند، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە 27ی هەمان مانگەوە دەستی پێکرد.
داتا بڵاوکراوەکانی سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی ئەو ئەفسەر و سەربازانەی لەسەرەتای شەڕەوە کوژراون، گەیشتووەتە 520 كەس، لەوانە 186 کەسیان لەسەرەتای هێرشی زەمینی لە کەرتی غەززەدا كوژراون.