سروشتی جوانی گوندێكی مێژوویی سنووری قهزای ئاكرێی سهر به پارێزگای دهۆك كه دهكهوێته دامێنی چیای بێرات.
گوندێكی كەڤناری شوێنەواری و مێژوویی لە دامێنی چیای بێرات سەر بە ناحیەی بجیل لە سنووری قەزای ئاكرێ لە دەڤەری سورچیایەتی، دیمەنی نەوازەی بە ناوچەكە بەخشیووە و مێژووەكەی بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
لەمبارەیەوە، سۆزدار ئەحمەد، چالاكوانی شاخەوانی، به (باسنیوز)ی ڕایگهیاند، هەوڵم داوە زۆربەی گوند و ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان لە نزیكەوە ببینم و پێیان ئاشنابم، یەكێك لەو ناوچانەش كە لەنزیكەوە سەردانم كردووە و پێی سەرسام بوومە، گوندێكی كەڤنار لە دامێنی چیای بێرات، سەر بە ناحیەی بجیل لە سنووری قەزای ئاكرێ، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان مێژووەكەی بۆ چەند سەدەیەك لەمەوبەر دەگەرێتەوە كە ژیانی تێدا بووه.
دەشڵێت: زۆر هەوڵم داوە كە زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم گوندە شوێنەواریی و مێژووییەكۆ بكەمەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی مێژوویم دەست نەكەوت لەسەر ئەو گوندە، كە باس لە ژیان و گوزەرانی دانشتوانی بكات، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر لێكۆڵینەوەكانم بەردەوام دەبم.
لای خۆیەوە، ئومێد قادر، لێكۆڵهر و مامۆستای مێژوو، ڕاگەیاند، ئەگەر چاوێك بە مێژوودا بخشێنینەوە، بوونی ژیان و مرۆڤایەتی لە سنووری قەزای ئاكرێ، هاوشێوەی چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان، بۆ سەدان و بگرە هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵگەش بۆ ئەمە مانەوەی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەكانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەدەكانی ڕابردوو چەندین پاشا و میرنشین و فەرمانڕهواییان لە ناوچەكەدا كردووە، بەمەش تائێستا شوێنەواری ئەم قەڵا و پێگەیان ماوە و پێویستە پارێزگاریان لێ بكرێت، وەك ناسنامەیەكی گەلەكەمان بە زیندووی بهێڵدرێنەوە، بەتایبەتیش گوندەكانی كەڤنار لە بناری چیایی بیرات لە سنووری قەزای ئاكرێ سیمایەكی جوانی كولتووری و مێژووی دەبەخشن.
گوتیشی، دیاره مێژووی مرۆڤایەتی لە ناوچەكەدا بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیووە، سەردەمانێك مرۆڤ لە ئەشكەوت و ناوچە شاخاوییهكان ژیان و گوزەرانی كردووه، دواتر بەرە بەرە پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیووە، ئینجا پەناگەیەكیان بە دار و بەرد دروست كردووە، دواتر خانوو لە قوڕ و بەرد و دار، تا ئەو قۆناغهی ئێستا كە خەڵكی هەوڵ دەدات خانوو لە بەرد و بلۆك و چیمەنتۆ و شێوازی پێشكەوتوانەی وەك تەختە و شوشەبەند دروست بكات، بێگۆمان بە چەند سەدەیەكی تر ئەوەش گۆڕانی بەسەردا دێت و ژیان لەناو كۆشك و خانووەكان بە شێوازێكی دیكە دەبێت.